میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە هاوکات لەگەڵ بەهێزبوونی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، هێزەکانی خۆی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ١٣ی ئیسرائیل، ئامانجی ش لەم هێرشانە، لێدانی پێگەی کۆماری ئیسلامییە بۆ ئەوەی ناچار بکرێت لە پێگەیەکی لاوازەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان.
بەپێی ئەو پلانە سەربازییانەی کە داڕێژراون، هێرشە چاوەڕوانکراوەکان ژێرخانەکان، کەرتی وزە و وێستگەکانی کارەبای ئێران دەگرنەوە؛ هەروەها ئەگەری هەیە ئەرتەشی ئیسرائیل لە پڕۆسەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئەمریکا، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بکاتە ئامانج.
هاوکات، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری کاربەدەستانی باڵای واشنگتۆنەوە بڵاوی کردەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکاریی چڕیان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لە حەوتووی داهاتووەوە دەست پێکردووە و تەنانەت ئەگەری ناردنی هێزی تایبەتیش بۆ ناو خاکی ئێران بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئارادایە.
لەم پێوەندییەدا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کاناڵی فاکس نیوز، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران لەنێوچوون، هۆشدارییەکی توندی دایە سەرکردەکانی تاران و ڕایگەیاند: “ئیتر ماوەیەکی زۆر خۆڕاگر نابم و ئەوان دەبێت لە نێوان ڕێککەوتن یان لەنێوچووندا یەکێکیان هەڵبژێرن، چونکە ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.”
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران