بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، شاری سەقز ڕووبەڕووی قەیرانێکی قورسی ئابووری و دارایی بووەتەوە. نرخی ئاو، کارەبا و گاز هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی دۆلار زیاد دەکات و بێتوو پارەدانەکەش دوابکەوێ، جەریمەی ڕۆژانەی بەدواوە دەبێ.
هاوکات، بەهۆی نەبوون یان کەمیی پارەی نەختینە لە بانکەکاندا، هاووڵاتییان ناچار بە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنە بانکییەکان بوونەتەوە، کە ئەوانیش بەردەوام تووشی پچڕان دەبن. بانکەکان زیاتر لە ٥٠٠ هەزار تمەن نادەنە کڕیاران و لە بازاڕیشدا فرۆشتنی قەرز و قیست بەتەواوی نەماوە.
لە لایەکی دیکەوە، نرخی دۆلار گەیشتووەتە ١٨٠ هەزار تمەن و نرخی نان و بەنزینیش بە شێوەیەکی دەستکرد ڕاگیراون، بەڵام کاریگەریی زۆریان لەسەر گرانیی گشتی داناوە.
لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان، کەرتی پەلەوەر لە سەقز بەرەو پەککەوتن دەچێت.
نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو گەیشتووەتە نێوان ٣٥٥ بۆ ٤٠٠ هەزار تمەن. بەهۆی بازدانی نرخی جووچکی یەکڕۆژە بۆ ١٣٥ هەزار تمەن و ترسی پچڕانی کارەبا لە وەرزی گەرمادا، بەشێکی زۆری مریشکداران دەستیان لە بەرهەمهێنان هەڵگرتووە. هەروەها نرخی هێلکە بووەتە ٢٣٠ هەزار و شیر ٧٥ هەزار تمەن.
لە لایەکی ترەوە، کێشەی کەمیی بەنزین و ڕیزی دوورودرێژی ئۆتۆمبێلەکان لە نزیک بەنزینخانەکان کێشە و ناڕەزایەتییەکانی قووڵتر کردۆتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هێزە حکوومییەکان لە بەنزینخانەی ئاوینان بەبێ گرفت و بە شێوەی پێشوو ئەنجام دەدرێت، ئەمەش ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران