ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە داخ و کەسەرەوە شەهیدبوونی کاک عەلی جەهانبەخش کادری بەوەج و تێکۆشەری ناوەندی دارایی حیزبی دێموکراتی ئێران بە هۆی نەخۆشییەوە ڕادەگەینێ.
عەلی جەهانبەخش کوڕی محەممەدئەمین ساڵی ١٣٤٠ لە گردگشانەی پیرانشار لە دایک بوو. هەر لە گردگشانە چووەتە قوتابخانە و قۆناغی ناوەندی چووەتە پادگانی جڵدیان و هەر لەوێ قۆناغی ناوەندی تێپەر کردووە و بۆ قۆناغی دواناوەندی چووەتە پیرانشار و لەویش پۆلی یەکەمی دواناوەندی خوێندووە.
لە سالی ١٣٥٧دا پێوەندی بە تەشکیلاتی حیزبەوە دەگرێ و لە ساڵی ١٣٥٨ بە شێوەی ڕەسمی دەبێ بە پێشمەرگەی حیزب و چەکی شەرەف لە شان دەکات.
دوو ساڵ لە هێزی شەهید ئاوارە دەبێ و پاشان لە ساڵی ١٣٦٠ دەچێتە دەوری دەفتەری سیاسی و کاری شۆفیری دەکات و ساڵی ١٣٦٢ چووەتە هێزی هەژار لەم هێزە سازمان دەدرێ و ئەرکی سەرپەلی و پاشان سەردەستەیی و جێگرلکی دەگرێتە ئەستۆ.
ساڵی ١٣٦٤ دەچێتە هێزی قەندیل و لەوێ درێژە بە ئەرکی پێشمەرگایەتی دەدا و تا ساڵی ١٣٦٧ لەم هێزە دەبێتە بەرپرسی بەشی ماڵی و تەداروکاتی هێز.
لە ساڵی ١٣٦٧ تا ساڵی ١٣٧٣ لە پێوەندییەکانی سلێمانی دەبێ و پاشان لە کۆمیسیۆنی ماڵی ئەرکی بەڕێوە دەبات و لە زۆربەی بەشەکانی ئەم کومیسیۆنە ئەرک و بەرپرسایەتی لە ئەستۆ دەگرێ.
کاک عەلی لە ساڵی ١٣٦٤ دەبێ بە کادری دەرجە چواری حیزب و لە ساڵی ١٣٧٣ پلەی دەرجە سێ وەردەگری و لە ساڵی ١٣٨٢ لەسەر پیشنیاری ئۆرگانەکەی و بە پەسەندی دەفتەری سیاسی پلەی کادری دەرجە دووی پێ دەبەخشرێ .
حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران و ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ لەدەستدانی کادرێکی بەوەج و دڵسۆزی خۆی سەرەخۆشی لە هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بە تایبەت بنەماڵەی بەڕێزی دەکات کە لەخۆبوردووانە و شۆڕشگێرانە لە ماوێ زیاتر لە چوار دەیە خەباتی کاک عەلی پشتیوان و هاندەری بوون.
هیوای سەبووری بۆ کەسوکار و هاوڕێیانی دەخوازین
ڕێگا و سەنگەری خەباتی پڕ ڕێبوار و هەمیشە ئاوەدان بێت
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران