دامەزراوەی نێودەوڵەتیی “نێتبلاکس” ڕایگەیاند کە ماوەی پچڕان و بلۆککردنی تەواوەتیی ئینتێرنێت لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ٢ هەزار کاتژمێری تێپەڕاندووە، کە ئەمەش وەک درێژترین بڕینی سەرانسەریی ئینتێرنێت لە مێژووی جیهاندا تۆمار کراوە.
ڕێژیمی ئێران لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە و هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە سەربازییەکان، ئینتێرنێتی بە تەواوی لەسەر خەڵک بڕیوە تا پێش بە دزەکردنی زانیارییەکان و ناڕەزایەتییەکان بگرێت.
لە کاتێکدا میدیاکانی سەر بە دەسەڵات ئیدعای ئەوە دەکەن کە مەسعوود پزیشکییان لە ڕێگەی پێکهێنانی “ستادی ڕێبەری و ڕێکخستنی فەزای مەجازی”یەوە خەریکی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەیە، میدیا ڕەخنەگرەکان جەخت دەکەنەوە کە پێکهاتەی ئەم ستادە نوێیە بە تەواوی ئەمنییەتی و سەرکوتکەرانەیە و بە بەشداریی وەزارەتی ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپا و شورای باڵای ئەمنییەتی میللی دامەزراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم مانۆڕە چەواشەکارییانەی ڕێژیم، عەلی یەزدیخا، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی مەجلیس، ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە بەپێی بڕیاری “ناوەندە باڵاکانی ڕێژیم”، لەبەر مەترسییە ئەمنییەتییەکان لە ئێستادا هیچ پێویستییەک بە کردنەوەی ئینتێرنێت نییە؛ ئەمەش دەری دەخات کە کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی خۆی، مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی بە تەواوی بە بارمتە گرتووە.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران