ڕۆژنامەی “واڵستریت ژۆرناڵ” بڵاوی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشنیارێکی عومانی بۆ دابەشکردنی یەکسانی (٥٠-٥٠) کۆنتڕۆڵی گەرووی هۆرمۆز لە نێوان هەر دوو وڵاتدا ڕەت کردووەتەوە.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە تاران تەنیا بە مەرجی سپاردنی بەشی هەرە زۆری کۆنتڕۆڵی ئەو گەرووە بە ئێران ئامادەیە بچێتە قۆناغی دووەمی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا، چونکە بە وتەی ئەو، کەناڵە باشوورییەکان بۆ دەریاوانی مەترسیدارترن و پێشنیارەکەی عومان نیگەرانییە ئەمنییەتییەکانی ئێران ناڕەوێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی واڵستریت ژۆرناڵ، نێوبژیوانان پێیانوایە ئەم دژایەتییەی ئێران هەوڵەکانی بۆ پێشبردنی ڕێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ واشنگتۆن ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیددی کردووەتەوە.
پێشتر هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز” بڵاوی کردبووەوە عومان بە پاڵپشتیی وڵاتانی کەنداو پێشنیاری بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەرووی هۆرمۆزی لەگەڵ وەرگرتنی دڵخوازانەی تێچووی خزمەتگوزارییە دەریاییەکانیی خستبووە ڕوو.
هەروەها ڕۆیتێرز ڕۆژی چوارشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕایگەیاند تاران ئەم پێشنیارە بە “بێ شانسی سەرکەوتن” دەزانێت و پێیوایە دابەشکردنی یەکسانی کۆنتڕۆڵی گەرووی هۆرمۆز لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئێراندا ناگونجێت.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران