فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند داواکارییەکانی سپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە ناچارکردنی کەشتییە بازرگانییەکان بۆ بەکارهێنانی ڕێڕەوی دیاریکراو لە گەرووی هۆرمۆزدا بنەمای یاسایی نییە.
سێنتکام لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕۆژی چوارشەممە باسی لەوە کرد، تاران دوای هەڕەشە و هەوڵی پەلاماردانی کەشتییەکان، هێشتا ئیدیعای ئەوە دەکات کە کەشتییە نێودەوڵەتییەکان پێویستە تەنیا ئەو ڕێگایانە بەکار بهێنن کە سپا دیارییان دەکات.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە: “گەرووی هۆرمۆز ئاوڕێگەیەکی نێودەوڵەتییە و سپای پاسداران هیچ یاسا و دەسەڵاتێکی نییە تا ڕێڕەوی تێپەڕبوون لە چوارچێوەی ئازادیی کەشتیوانیدا دیاری بکات.”
سێنتکام ئاماژەی بەوەش دا، بە هاوکاری و پاراستنی هێزە سەربازییەکانی واشنگتۆن، تا ئێستا دەوروبەری هەزار کەشتیی بازرگانی و ٥٠٠ میلیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە سەلامەتی لەم گەرووە تێپەڕیون.
ئەم کاردانەوە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا گوشارە دەریاییەکانی لە دژی ئێران چڕتر کردووەتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سەندنی باجی زۆرەملێ و پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی، سزای نوێی بەسەر تۆڕی بیمەی دەریایی کۆماری ئیسلامی و چەندین نەوتهەڵگری سەر بە تۆڕی نادیاریی نەوتی ئێراندا سەپاند.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران