لە درێژەی هێرشی سەرەڕۆیانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، سپای تێرۆریستیی پاسداران سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٩ی گەلاوێژ هێرشی دڕۆنی بۆ سەر بنکەی ئەحمەد ئەلجابر لە کوەیتی ڕاگەیاند.
سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بنکەی فڕۆکەی شەڕکەر، سیستەمی ی ماهوارەیی و کۆگاکانی چەکوچۆڵ ئەرتەشی ئەمریکا لە بنکەی “ئەحمەد ئەلجابر”ی کوەیتی بە درۆن کردووەتەوە ئامانج.
سپای پاسداران ئەم هێرشەی بە وڵامێک بۆ هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئەمریکا گەڕاندووتەوە.
شایانی باسە هەتا ئێستا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا “سێنتکام” و کوەیت هیچ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر بەم بانگەشەیە نیشان نەداوە و پشتڕاستیان نەکردووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی کوەیت دوێنی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە بینایەک سەر بە شیرکەتێکی چینی لە باکوور کوەیت لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە کارمەندێک کوژراوە.
لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا دەیان جار ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکانی، سەروەریی خاکی کوەیتی پێشێل کردووە و سنوورە ئاسمانییەکەی بەزاندووە.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران