١٢ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ ئارمان مەعرفەتی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵانی کوردی خەڵكی سەقز، پاش لەسێدارەدانی دوو کەس لە هاودۆسییەکانی و لەکاتێکدا کە ٩ ڕۆژ لە ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی قزڵحەسار تێدەپەڕێ و چارەنووسی ناڕوونە، لە مەترسیی جیددیی سێدارەدایە.
تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ناوبراو لە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی گۆڕدران بەو تۆمەتانەی کە سزای سێدارەیان بەدواوە دەبێ. بە وتەی کەسە نزیکەکانی، ئەو کەسێکی نییە و پاش دەسبەسەرکرانیش هەتا ٢٠ ڕۆژ هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نەەبووە و هەرجار پێوەندی بە مۆبایلەکەیەوە کراوە، کەسێک لە پشت هێڵەوە بە پێکەنینەوە وتوویەتی: “کوشتمان، بە سێ فیشەک”. هەروەها تاکوو ئێستا هیچ پارێزەرێک لەلایەن خۆیەوە بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی ئیزنی دەستڕاگەیشتنی پێ نەدراوە.
ئەم ڕاپۆرتە لە وتووێژ لەگەڵ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئارمان مەعرفەتی، بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ ئامادە کراوە تاکوو بەشێک لە گێڕانەوەی ڕەوتی پێڕاگەیشتنی نادادپەروەرانە و دەرچوونی حوکمی بەپەلەی سێدارە بۆ دەسبەسەکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ دەگێڕێتەوە.
ئارمان بێکەس و بێتاوانە؛
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتەکانی خۆی ئاوا دەست پێ دەکات؛ “سوێند بە خوا ئارمان هیچ کارێکی نەکردووە و بێتاوانە.” ئەو دەڵێ؛ “ئارمان زۆر بێکەسە؛ نە باوکی هەیە نە دایک و نە خوشک و برایەک. دوو منداڵی بچووکی هەیە کە ئێستا ئاواتی بیستنی دەنگی ئەوانە.”
ئارمان چەند ساڵێکە لە یەکێک لە مەیدانەکانی میوە و تەڕەباری تاراندا کرێکاری دەکرد. ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، هەواڵدەریی میزان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی “ئەشکان مالکی”، “مێهرداد محەممەدینیا” و “ئارمان مەعرفەتی” لە دادگای ئینقلابدا، باسی لە لە پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ئاگرگرتنی مزگەوتی جەعفەری و حەوزەی علمیەی ئیمام مەهدیی تاران کرد. لەم دۆسییەیەدا، ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدینیا بە لەسێدارەدران مەحکووم کران و تۆمەتی ئارمان مەعرفەتیش لە “کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی وڵات” بۆ “بەشداری لە هەوڵی عەمەلیاتی لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل و ئەمریکا و تێکدان و ئاگردانی شوێنی مەزهەبی و مڵکی گشتی” گۆڕدرا.
مەترسیی جیددیی لەسێدارەدانی ئارمان مەعرفەتی پاش لەسێدارەدانی دوو هاودۆسییەی ئەو و ٩ ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووسی؛
سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هەواڵدەریی میزان باسی لە لەسێدارەدانی ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدینیا کرد بە بێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنی جێبەجێکرانی حوکمەکە بکات. ئەم دوو بەندکراوە بە شێوە نهێنی لە سێدارە دران و لە ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان و مافی ئاخرین چاوپێکەوتنیش بێبەری کران.
ئێستا ئارمان مەعرفەتی، سێیەمین تۆمەتباری ئەم دۆسییەیە، لە مەترسیی جێبەجێکرانی خێرای حوکمی سێدارەدایە.
سەرچاوەکەی کوردپا دەڵێ چەند ڕۆژ پێش ڕاگواستنی ئارمان مەعرفەتی لە بەندیخانەی تارانی گەورەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحەسار، بەشێوەی زارەکی بە کەسە نزیکەکانی وتراوە کە دۆسییەکەی بۆ پێڕاگەیشتن ڕادەستی دیوانی باڵای وڵات کراوە؛ بەڵام بنەماڵە و کەسانی نزیکی نازانن کە ئەم بابەتە ڕاست بووە یان نا و بە وتەی خۆیان “هیچ شتێک دیار نییە.”
هەمان سەرچاوە دەڵێ ئارمان مەعرفەتی ڕۆژی ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لە بەندیخانەی تارانی گەورەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحەسار ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ کەسانی نزیکی خۆی نەبووە و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی لەبەر دەستدا نییە.
تا ٢٠ ڕۆژی یەکەم کاتێ پێوەندیمان دەگرت بە پێکەنینەوە دەیانگوت: کوشتمان بە سێ فیشەک.”
ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا دەڵێ: “کاتێ دەسەسبەر کرا، هەتا ٢٠ ڕۆژ هیچکام لە کەسانی نزیکی زانیارییەکیان لێی نەبوو. هەموو شوێنێک گەڕاین، بەڵام هیچکەس وڵامێکی نەدایەوە و تەنانەت نەیاندەزانی کە دەسبەسەر کراوە. هەر کەسێک پێوەندیی بە تلفۆنەکەیەوە دەگرت، کەسێک لە پشت هێڵەوە بە پێکەنینەوە دەیگوت: کوشتمان، بە سێ فیشەک.”
ناوبراو دەڵێ: “پاش نزیکەی ٢٠ ڕۆژ، خۆی بۆ یەکەمین جار پێوەندیی گرت و وتی دەسبەسەر کراوم. پاشان ماوەماوە، پێوەندییەکی کورتی دەگرت.”
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئارمان هیچکات سەبارەت بە ئەشکەنجە قسە ناکات و هەر کاتێک لەوبارەوە لێی دەپرسن، باسەکە دەگۆڕێ. ئەو دەڵێ “هیچکەس نازانێ چی بەسەردا هاتووە لەو ڕۆژانەدا. تەنیا دەڵێ من تەنەکەیەکی زبڵم هێنایە سەر شەقام و هەموو کارێک کە کردم هەر ئەمە بوو.
هەر پارێزەرێکی دیاریکراو کە دەچێتە سەر دۆسییەکە، لە دەستڕاگەیشتن بێبەری دەکرێ؛
ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ تاکوو ئێستا بە زیاتر لە ١٠ پارێزەر بۆ وەرگرتنی دۆسییەی ئارمان قسە کراوە، بەڵام هیچکامیان ئیزنیان پێ نەدراوە دەستیان بە دۆسییەکە ڕابگات. بە وتەی ئەو، هەموو سەردان و بەدواداچوونەکان بۆ دەستێوەردانی پارێزەر بەم دۆسییەیە تەنیا یەک وڵام دراوەتەوە: “خۆی پارێزەری هەیە.”
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە؛ ناوەندە ئەمنییەتییەکان خۆیان پارێزەریان بۆ ئارمان مەعرفەتی دیاری کردووە.
سەرلێشیواوی کەسانی نزیکی ئارمان لە بەڵێنی ڕادەستکردنی دۆسییەکە بە دیوانی باڵای وڵات و مەترسیی جێبەجێکرانی حوکمەکە؛ سەرچاوەکەی کوردپا دەڵێ؛ چەند ڕۆژ پێش ڕاگواستنی ئارمان بۆ بەندیخانەی قزڵحەسار، بە بنەماڵەکەی وترابوو کە دۆسییەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە، بەڵام کەسانی نزیک لەو هێشتا نازانن ئایا ئەمە ڕاستە یان درۆیە و دەڵێن “هیچ شتێک دیار نییە.”
ناوبراو دەڵێ تەنانەت پارێزەرە دیاریکراوەکەش ڕوونکردنەوەیەک نادات و نزیکەکانی ئارمان زانیارییەکیان لە ڕەوتی پێڕاگەیشتنی دۆسییەکەی نییە. تەنیا بابەتێک کە پارێزەرەکە چەند ڕۆژ پێش ڕاگواستنی ناوبراو بۆ قزڵحەسار باسی لێ کردبوو، هەر ئەم ڕادەستکردنی دۆسییەیە بۆ دیوانی باڵای وڵات بوو؛ بابەتێک کە بنەماڵەکەی هێشتا لێی دڵنیا نین.
ئارمان مەعرفەتی؛
ئارمان مەعرفەتی کوڕی محەممەدساڵح، هاووڵاتیی ٣٨ ساڵانی کوردی خەڵکی سەقزە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی لە مەیدانی تەڕەباری تاراندا کرێکاری دەکات.
ماڵی باوکی لە چوارڕێیانی سەقزە و بنەماڵەکەی دووکانێکی هێلکەفرۆشییان هەیە. چەند ساڵ پێش باوک، دایک و خوشکی بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست دا. ئێستا هیچ یەک لە کەسانی نزیکی زیندوو نین و ئەو بە تەنیا ماوەتەوە. ئارمان دوو منداڵی بچووکی هەیە و ئێستاش دەزگیرانی هەیە.
دۆسییەی “ئەشکان مالکی”، “مێهرداد محەممەدینیا” و “ئارمان مەعرفەتی”؛
ئەشکان مالکی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قوروە و دانیشتووی تاران، مێهرداد محەممەدینیا و ئارمان مەعرفەتی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە شێوەی سرەڕۆیانە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، باسی لە جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی مێهرداد محەممەدینیا کوڕی موحەڕەم و ئەشکان مالکی، کوڕی عەلی لە ناڕازییانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ کرد.
ئەم دوو ناڕازییە کە لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بەند کرابوون، بە شێوەی نهێنی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون. سەرچاوەکان دەڵێن حوکمەکەیان لە بەندیخانەی قزڵحەسار جێبەجێ کراوە.
ئەم دوو کەسە بە ئاگرتێبەردانی مزگەوتی جەعفەری و حەوزەی علمییەی ئیمام مەهدی تۆمەتبار کرابوون. میدیا حکوومەتییەکان ڕۆژی ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ بەشگەلێک لە کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەوانیان بڵاو کردەوە. ناوی دادوەری دۆسییەکە ڕانەگەیندرا، بەڵام گومان دەکرێت کە بەرپرسایەتیی دادگاکە بە “ئەبولقاسم سەڵواتی”، ناسراو بە “دادوەری مەرگ” بووبێ.
لە کاتی دادگاییدا تۆمەتباران دانیان بە زیانگەیاندن لەڕێگەی ئاگرتێبەردانەوە نا؛ تۆمەتێک کە بەپێی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ڕیزی “جیددیترین سزاکان”دا جێگا ناگرێ. کارناسێک ڕێژەی زیانەکەی نزیکەی ٥٠ میلیارد تمەن بەراورد کردووە و وتوویەتی: “ئەگەر بینای ی مزگەوتەکە و حەوزە پێویستیان بە وێرانکردن و نۆژەنکردنەوەی بێت، تێچووەکەی نزیکەی ١٥٠ میلیارد تمەن دەبێ.”
بەم حاڵەوە دادگا بە پشتبەستن بە بڕگەی یەکی “یاسای توندکردنەوەی سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ڕێژیمی سەهیۆنیستی و وڵاتانی دژبەر دژی تەناهی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی”، ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدینیای بە لەسێدارەدان و دەستداگرتن بەسەر مڵک و ماڵەکەیاندا مەحکووم کرد. لە حوکمی دەرکراودا هاتبوو کە ئەوان بە بە تۆمەتی “بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئەمنییەتی وڵات بۆ ڕێژیمی سەهیۆنیستی و دەوڵەتانی دوژمنی ئامریکا و گرووپە دژبەرەکان و کەسانی سەر بەوان کە ترس و دڵەڕاوکێی کۆمەڵگەی بەدواوە بووە و چوونە نێو شوێنی ئایینی و پیرۆز بە مەبەستی تێکدان و ئاگرتێبەردانی کەلوپەلی دەوڵەتی و تایبەتی لەوانە مزگەوت و حەوزەی علمیە بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوەی لەگەڵ نیزامی پیرۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی شەڕ و دۆخی ئەمنییەتیدا، بە سزای سێدارە و دەستداگرتن بە سەر مڵک و ماڵەکەیاندا مەحکووم کراون.
لە کاتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەدا، تۆمەتی ئارمان مەعرفەتی سێیەمین تۆمەتباری ئەم دۆسییەیە، لە “کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی وڵات” بۆ “بەشداری لە هەوڵی عەمەلیاتی لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل و ئەمریکا و تێکدان و ئاگردانی شوێنی مەزهەبی و مڵکی گشتی” گۆڕدرا. ئارمان مەعرفەتی لە دادگادا وتی کە چەند دانە تەنەکەی زبڵی لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی دیکەی شەقامی بەرانبەر مزگەوتەکە ڕاگواستووە. ئەو لە وڵامی پرسیاری دادوەر سەبارەت بە ئاگردانی مزگەوتدا ڕایگەیاند: “من مزگەوتم ئاگر نەدا. من تەنیا دوو تەنەکەی زبڵم هێنا و هیچی دیکەم نەکرد.”
لە ۲۸ ی ڕەشەمەوە؛ هەر ۴.۵ ڕۆژ لەسێدارەدانی یەک ناڕازی؛
بە لەسێدارەدانی مێهرداد محەممەدینیا و ئەشکان مالکی، تاکوو ئێستا ١٧ کەس لە ناڕازییانی دەسبەسەرکراو لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لە سێدارە دراون. لە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ـەوە تاکوو ئێستا لانیکەم ١٧ ناڕازی لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباردا لە سێدارە دراون؛ بە وتەیەکی تر لە هەر ٤.٥ ڕۆژدا یەک ناڕازی لە سێدارە دراوە.