تەرمی سرووش کەرەمی، لاوی ۱۸ ساڵانی کورد و خەڵکی ناوچەی سونقوڕ و کولیایی، کە لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە کرماشان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کوژرابوو، دوای نزیکەی ٧ مانگ بێهەواڵی و ئەسپەردەکردنی هەڵە، سەرەنجام لە ڕێگەی هەڵدانەوەی گۆڕێکەوە دۆزرایەوە.
هاوکات ڕاپۆرتەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم گوشارێکی توندیان خستووەتە سەر بنەماڵەکەی، تاکوو ناوبراو بەپێچەوانەی ڕاستییەکانەوە وەک “ئەندامی کوژراوی هێزەکانی ڕێژیم لە خۆپیشاندانەکان” ڕابگەیێنن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، سرووش کەرەمی لە ۱۸ی بەفرانباردا لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و گیانی لەدەست دا.
تەرمی ناوبراو لە ئاڵۆزییەکاندا، بەهەڵە ڕادەستی بنەماڵەی “ئەمیرعەلی حەیدەری” کرا و لە گوندی “سەراوڵە” بەخاک سپێردرا، بەڵام شەوی ڕابردوو و دوای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، گۆڕەکە هەڵدرایەوە و پشتڕاست کرایەوە کە تەرمەکە هی سرووشە؛ هاوکات دەرکەوت تەرمی ئەمیرعەلی حەیدەریش لە گۆڕێکی بێناودا بەخاک سپێردراوە.
پێشتر ههندێک دەنگۆی ناڕاست سەبارەت بە دەسبەسەرکردن و سزادانی ناوبراو لە بەندیخانەی دێزڵاوا بڵاو کرابووەوە.
بڕیارە تەرمی سرووش کەرەمی ڕۆژی چوارشەممە ۷ی گەلاوێژ، لە زێدی خۆی لە گوندی “لەنجاب”ی سەر بە شاری سونقوڕ بەخاک بسپێردرێت.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران