شۆرای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردان، بڕیارنامەیەکی پێشنیارکراوی ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەسەند کرد.
ئەم بڕیارنامەیە داوا لە تاران دەکات بە شێوەیەکی ڕوون چارەنووسی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی ئاشکرا بکات و ڕێگە بە پشکێنەرانی ئاژانسەکە بدات پشکنینی مەیدانی ئەنجام بدەن.
لەم دەنگدانەدا، بڕیارنامەکە بە ٢١ دەنگی ئەرێ، ٣ دەنگی نەخێر (ڕووسیە، چین و نیجێریە) و ١٠ دەنگی بێلایەن پەسەند کرا.
پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بوو، کە تێیدا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند ئێران هێلیکۆپتەرێکی جۆری ئاپاچیی ئەمریکای لە نزیک گەرووی هۆرمۆز خستووەتە خوارەوە.
هەرچەندە هێرشەکانی ساڵی ڕابردووی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی قورسیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاندبوو، بەڵام چاوەدێران پێیان وایە بڕێکی زۆر لە ئۆرانیۆمی پیتێندراو کە نزیکە لە ئاستی چەکی ئەتۆمی، هێشتا لای تاران ماوە و ڕێژیمی ئێرانیش ئامادە نییە زانیاری لەسەر شوێنی ئەو ماددانە بە ئاژانس بدات.
واشنگتۆن بەردەوام هۆشداریی داوە کە ڕێگە نادات ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران