لە کاتێکدا کە دەنگۆی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بڵاو بووەتەوە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٦ی بانەمەڕ، بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی مانادار، دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بە ئارامیی پێش گەردەلوول وەسف کرد.
ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ترووس سۆشیاڵ” وێنەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا لەگەڵ دەریاسالارێکی ئەمریکا لەسەر پشتی کەشتییەکی جەنگی وەستاوە و لە پشتەوەشیان چەند بەلەمێکی ئێرانی دەبینرێن. لەسەر وێنەکە نووسراوە “ئەمە ئارامیی پێش گەردەلوول بوو”، کە وەک هۆشدارییەک بۆ تاران لێکدەدرێتەوە.
هاوکات، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ترامپ لە لێواری بڕیارێکی چارەنووسسازدایە دژی ئێران و ئەگەر بنبەستی دیپلۆماتیک نەشکێت، ڕاوێژکارانی باڵای خەریکی تاوتوێکردنی سیناریۆی دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان دەبن.
ترامپ ڕۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “BFMTV”ی فەرانسە، ڕایگەیاند کە هێشتا ڕوون نییە دانوستانە ئەتۆمییەکان دەگەنە ڕێککەوتن یان نا، بەڵام هۆشداریی دا: “ئەگەر ڕێککەوتن نەکەن، ڕۆژگارێکی زۆر سەختیان لەپێش دەبێت.”
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران