پارێزەرانی وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤین، هۆشدارییان لەبارەی خراپبوونی بارودۆخی تەندروستیی بریگرتەکەیاندا و ڕایانگەیاند کە زیاتر لە ٩ مانگە لە مافی چارەسەری پزیشکی و چوونە ناوەندە تەندروستییەکان بێبەش کراوە.
سەرەڕای ئەوەی پزیشکانی پسپۆڕ پێویستیی گواستنەوەی ئەو زیندانییەیان بۆ دەرەوەی زیندان ڕاگەیاندووە، بەرپرسان ڕێگەیان پێنەداوە و تەنانەت کەلوپەلی پزیشکیی نێردراو لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ڕادەستی نەکراوە.
کەیوان عەزیزی و ئەمیر سەجادی، پارێزەرانی مورادی ڕایانگەیاند بریگرتەکەیان کە تووشی نەخۆشیی “ڕێخۆڵە” و “دیسکی مل” بووە، بۆ وەرگرتنی کەلوپەلی پزیشکی ڕووبەڕووی مەرجی نایاسایی کراوەتەوە.
هەروەها جەختیان کردەوە کە سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی سزادانی کۆمیتەی ئینزیباتی، بێبەشکردنی وریشە لە ی تلفۆنی و دیداری بنەماڵەکەی بەردەوامە.
وریشە مورادی لە گەلاوێژی ١٤٠٢دا لە سنە دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم بە تۆمەتی “بەغی” حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا؛ بەڵام ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا هەڵوەشێنرایەوە.
ناوبراو دوای بانگکردنەوەی بۆ دادگا، ڕایگەیاند کە دان بە ڕەوایەتیی ئەو دادگایەدا نانێت و ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو، لە کاتێکدا سەرچاوەکان ئاماژە بە بانگکردنەوەی نوێی بۆ دادگا دەکەن.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران