وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر تۆڕێکی نێودەوڵەتیدا سەپاند کە پشتگیری هێڵی ئاسمانیی “ماهان ئەیر”ی ڕێژیمی ئێرانیان دەکرد.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە کەسێک و پێنج شیرکەتی خستووەتە لیستی سزاکانەوە؛ لەوانەش چوار شیرکەتی چینی، ڕووسی و هێندی کە وەک بریکاری فرۆشتنی گشتی بۆ ماهان ئەیر کاریان کردووە.
ئەو وەزارەتە ڕاشیگەیاند کە هێڵی ئاسمانیی ماهان ئەیر لە گواستنەوەی هێزەکانی سپای پاسداران، چەکوچۆڵ و سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵی هەبووە.
بە گوێرەی بەیاننامەی ئەم وەزارەتە، ئەگەرچی ماهان ئەیر خۆی وەک هێڵێکی ئاسمانیی مەدەنی دەناسێنێت، بەڵام بۆ چەندین ساڵە لە پشتگیریکردنی سپای پاسداران؛ لەوانەش گواستنەوەی ئەندامانی سپای قودس، ئاسانکاری بۆ ڕاهێنانی سەربازی و پشتگیریکردنی دابینکردن و گواستنەوەی چەک و سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕۆڵی ی هەبووە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕایگەیاند: “ئەو کەسانەی خزمەتگوزاریی دارایی، لۆجستیکی یان بازرگانیی سپای پاسداران یان ماهان ئەیر دەکەن، لە بەردەوامبوونی چالاکیی ڕێکخراوێکی تێرۆریستیدا بەشدارن و وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ناسینەوەی ئەم کەسانە، ئاشکراکردنی چالاکییەکانیان و کورتکردنەوەی دەستیان لە سیستەمی دارایی ئەمریکا.
ئەو وەزارەتەی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم سزایانە لە چوارچێوەی توندکردنەوەی گوشارە داراییەکان بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانە و ئەم هەوڵانە لە وڵامی ئەو هێرشە پڕ لە مەترسییانەدایە کە لە دژی وڵاتانی ناوچەکە و کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هۆرمۆزدا ئەنجامی دەدات.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران