٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ ئەمڕۆ، ٧ی پووشپەڕ، ساڵیادی بۆردومانی کیمیایی سەردەشتە. هێرشێک لەلایەن ڕێژیمی بەعسی عێراقەوە بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبون کە لە ئەنجامیدا زیاتر لە ١٣٠ کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٨ هەزار کەسیش تووشی بەرکەوتنی کیمیایی بوون. ئەم ڕاپۆرتە بە پێداچوونەوە بە ڕەهەندە مرۆیی، دەرمانی و یاسایییەکانی ئەم کارەساتە نیشانی دەدات کە دوای ٣٩ ساڵ، شوێنەوارەکانی گازی خەردەل هێشتا لە ژیانی ڕزگاربوواندا ماوەتەوە، سیستەمی دەرمانی و پاڵپشتی لەگەڵ کەموکوڕی جیددی ڕووبەڕوویە، لە بەڕێوەبردنی پێش و دوای کارەساتەکەدا لاوازیی جیددی هەبووە و سەرەڕای تۆمارکردنی نێودەوڵەتیی ئەم ڕووداوە وەک تاوانی جەنگی، دادپەروەریی تەواو بۆ قوربانیان هێشتا بەدی نەهاتووە.
ساڵیادی بۆردومانی کیمیایی سەردەشت یەکێک لە ڕەشترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخ و نموونەیەکی ئاشکرای تاوان دژی مرۆڤایەتییە. لە ئێوارەی ٧ی پووشپەڕی ١٣٦٦ (٢٨ی ژوئەنی ١٩٨٧)، فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ڕێژیمی بەعسی عێراق چوار بۆمبی خەردەلی تێکەڵ بە گازی دەماریان لە ناوچە قەرەباڵغ و شوێنەکانی نیشتەجێبونی شاری سەردەشت (پارێزگای ورمێ) و سێ بۆمبی دیکەیان لە باخەکانی دەوروبەریدا خستە خوارەوە. ئەم شارە بە دانیشتووانێکی نزیکەی ١٢ هەزار کەسییەوە، یەکەم شاری نیشتەجێبووی جیهان بوو دوای جەنگی یەکەم و پەسندکردنی پرۆتۆکۆلی ١٩٢٥ی ژێنێڤ کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کرایە ئامانجی چەکی کیمیایی؛ لەم هێرشەدا زیاتر لە ١٣٠ کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٨ هەزار کەس (نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانەکەی) تووشی بەرکەوتنی کیمیایی بوون.
میراتی کارەساتی مرۆیی و ئازارێک کە کۆتایی نەهاتووە؛
گازی خەردەلی بەکارهاتوو لەم هێرشەدا ماددەیەکی زۆر ژەهراویە کە کاریگەرییەکانی دوای ٣٩ ساڵ هێشتا لە نێوان ڕزگاربوواندا ماوەتەوە. لە گرنگترین لێکەوتەکان دەکرێ ئاماژە بە فیبرۆزی سییەکان و تەنگی هەناسە بکرێت کە لە زۆرێک لە نەخۆشەکاندا پێویستییەکی هەمیشەیی بە کەپسولی ئۆکسیژن دروست کردووە. هەروەها کێشەکانی چاو لەوانە هەوکردنی درێژخایەنی پەردەی چاو، وشکبوونەوەی چاو و نابینابوونی بەپێی کات، و لێکەوتە پێستییەکان وەک خورانە درێژخایەنەکان، بڵق لێدانی بەردەوام و زیادبوونی تووشبوون بە جۆرەکانی شێرپەنجە ڕاپۆرت کراون. سەرەڕای ئەمانە، نیگەرانی لەسەر کاریگەرییە بۆماوەیییەکان، لەوانە گواستنەوەی هەندێک لاوازیی سیستەمی بەرگری و کێشەی جەستەیی بۆ نەوەکانی داهاتووی قوربانیانیش هەیە.
هەنگاوەکانی حکوومەتی ئێران؛ لە نێوان بەڵێن و ڕاستی دەرمانی و پێچ و پەنای ئیداری
ڕوانینی حکوومەتی ئێران بەرامبەر بە سەردەشت هەمیشە لە نێوان ڕێوڕەسمە فەرمییەکان و بەڵێنەکانی پاڵپشتی و پڕۆسە ئاڵۆزە ئیدارییەکاندا لە هاتوچۆدا بووە. لە بواری ناسینەوەی زیانپێکەوتوواندا، لە نێوان هەزاران بەرکەوتوودا تەنیا نزیکەی ٢ بۆ ٣ هەزار کەس وەک کەمئەندامی کیمیایی بە فەرمی ناسراون و خراونەتە ژێر چاودێری، لە کاتێکدا زۆرێکی دیکە سەرەڕای نیشانە ئاشکرا یان شاراوەکان، ساڵانێکە لە چاوەڕوانیی پەسندکردندا ماونەتەوە. لە بەشی دەرمانیشدا سەرەڕای بەربڵاوی زیانەکان، سەردەشت هێشتا نەخۆشخانەی سەروو-پسپۆڕیی سی و چاوە و نەخۆشەکان ناچارن سەردانی ورمێ یان تاران بکەن؛ هەروەها کلینیکی پسپۆڕیی بەرکەوتووانی کیمیایی شارەکە لەگەڵ کەموکوڕی پزیشک و ئامێرەکان ڕووبەڕوویە و وڵامدەرەوەی پێویستیی ڕاستەقینەی نەخۆشەکان نییە.
قۆناغی پێش کارەساتەکە (کەمتەرخەمی لە بەرگریی ناچەکداری و چۆڵکردنی شاردا)
لە کاتی ڕوودانی هێرشەکەدا، بەکارهێنانی بەردەوامی چەکی کیمیایی لەلایەن عێراقەوە تەواو پێشبینیکراو بوو، بەڵام لە سەردەشتدا هیچ ئامادەکارییەکی بەرگریی ناچەکداری (پدافند غیرعامل) بۆ پاراستنی مەدەنییەکان بوونی نەبوو. نە حەشارگەکانی تەیار بە فیلتەری هەوا، نە ماسکی پارێزگاری و نە ڕاهێنانە پێویستەکان خرابوونە بەردەستی خەڵک. هەروەها سەرەڕای پێگەی سنووری و مەترسیداری شارەکە، هیچ بەرنامەیەکی کاریگەر بۆ چۆڵکردنی بەپەلەی ژنان و منداڵان جێبەجێ نەکرا؛ بابەتێک کە لە گرنگترین تەوەرەکانی ڕەخنەگرتن لەسەر بەڕێوەبردنی قەیران لەو سەردەمەدا ئەژمار دەکرێت.
قۆناغی دوای کارەساتەکە (بایکۆت، قۆستنەوەی سیاسی و دیپلۆماسی ناکارامە)
لە ڕۆژانی یەکەم دوای هێرشەکەدا، ڕەخنەگران پێیان وایە فۆکۆسی ی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی فریاکەوتنی خێرای پزیشکی، لەسەر چالاکییە میدیایی و بانگەشەیییەکان بوو کە ئەم دواکەوتنە بووە هۆی توندتربوونی زیانەکانی سی و چاو. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بەهۆی بارودۆخی سیاسی و پێوەندییە دیپلۆماسییە سنووردارەکان، هەوڵێکی کاریگەر بۆ دروستبوونی کۆدەنگیی یاسایی دژ بە لایەنە دابینکەرەکانی ماددە کیمیایییەکان نەدرا و ڕەوتی بەدواداچوونی قەرەبوو کەوتە ژێر کاریگەریی تێبینییە سیاسییەکان. لە ناوخۆی وڵاتیشدا ڕاپۆرتگەلێک لەسەر مامەڵەی ئەمنی لەگەڵ ئەنجومەنەکانی پاڵپشتی و چالاکوانانی مەدەنی لە کاتی ناڕەزایەتیدەربڕین بە کەموکوڕی خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان و ڕەوتی پەسندکردنی کەمئەندامی بڵاو کراونەتەوە.
تۆماری نێودەوڵەتی و دادپەروەریی نیوەچڵ
کارەساتی سەردەشت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک «تاوانی جەنگ» و پێشێلکردنی کۆنوانسیۆنی قەدەغەکردنی چەکە کیمیایییەکان تۆمار کراوە و لە ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەکانی وەک ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیایییەکان (OPCW) ئاماژەی پێ دراوە. لە گرنگترین دۆسییە یاسایییە پێوەندیدارەکان، مەحکوومکردنی «فرانس ڤان ئانرات»ە لە دادگاکانی هۆڵەندا کە بەهۆی دابینکردنی ماددەی سەرەتایی چەکە کیمیایییەکان بۆ عێراق دادگایی کرا و شایەتیدانی قوربانیانی سەردەشت لەم ڕەوتەدا ڕۆڵێکی ی هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕووداوە بە بەراورد لەگەڵ هەڵەبجەدا کەمتر لە ڕای گشتیی جیهاندا بینرا و هێشتا لەگەڵ پرسی دادپەروەریی نیوەچڵ و سەرنجی نایەکسانی میدیایی ڕووبەڕوویە.
ئەوەی ئەنجام نەدرا؛ دادپەروەریی نێودەوڵەتیی هەڵپەسێردراو
سەرەڕای بەڵگە بەربڵاوەکان لەسەر ڕۆڵی کۆمپانیا بیانییەکان لە دابینکردنی ماددەی سەرەتایی چەکە کیمیایییەکان بۆ عێراق، تاکوو ئێستا هیچ دادگایەکی نێودەوڵەتیی کاریگەر بۆ ڕادەستکردنی بەرپرسیارێتیی تاوانکاریی ئەم کۆمپانیایانە یان قەرەبووکردنەوەی زیانی قوربانیانی سەردەشت پێک نەهاتووە. هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو سەردەمەدا بەهۆی تێبینییە سیاسی و ژێۆۆپۆلەتیکییەکانەوە، بڕیارنامەیەکی ڕوونی لەسەر مەحکوومکردنی بۆردومانی سەردەشت دەرنەکرد و بە بەیاننامە گشتییەکان وازی هێنا. لە شیکردنەوەی ئەم دۆخەدا، ئاماژە بە هۆکارگەلێکی وەک ئاڵۆزیی پێوەندییە سیاسییەکانی ئێران لەگەڵ جیهان، دژواریی بەدواداچوونی یاسایی نێودەوڵەتی، لاوازی لە بەڵگەدارکردنی یاسایی یەکگرتوو و زاڵبوونی تێبینییە سیاسییەکان بەسەر دادپەروەریی یاساییدا دەکرێت؛ لە ئەنجامدا، دۆسییەی سەردەشت سەرەڕای تۆماری مێژوویی و یاسایی، هێشتا بێ ئەنجامێکی کرداری لە بواری قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانەکان و وڵامدانەوەدا ماوەتەوە.
چوار داواکاریی بنەڕەتی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری دوای ٣٩ ساڵ
دوای تێپەڕبوونی ٣٩ ساڵ بەسەر بۆردومانی کیمیایی سەردەشت، لە ڕوانگەی مافی مرۆڤ و دادپەروەریی ڕاگوزەرەوە هێشتا کۆمەڵێک پابەندبوونی جێبەجێنەکراو بەرامبەر بە قوربانیان و ڕزگاربووان ماوەتەوە کە لە چوار تەوەری دا کورت دەکرێتەوە؛
یەکەم، مافی تەندروستی و دەرمانی پسپۆڕی بە بێ جیاکاری کە بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پێویست دەکات ناوەندێکی سەروو-پسپۆڕیی هەمیشەیی چاو و سی لە خودی سەردەشتدا دروست بکرێت و سیستەمی توند و ئیداریی دیاریکردنی ڕێژەی جانبازی (percentage) شوێنی خۆی بدات بە چاودێریی گشتگیر و زانستی بۆ هەموو زیانپێکەوتووانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.
دووەم، پێویستیی بەدواداچوونی یاسایی نێودەوڵەتی و کردنەوەی دۆسییە دژ بە کۆمپانیا دابینکەرەکانی ماددە کیمیایییەکانی عێراق، بە ئامانجی دادگاییکردن و وەرگرتنی قەرەبوو بۆ قوربانیان، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تاوانەکانی جەنگ بە تێپەڕبوونی کات بەسەر ناچن.
سێیەم، تۆماری فەرمی و سەربەخۆی ئەم کارەساتە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک «تاوان دژی مرۆڤایەتی» و بە فەرمی ناساندنی وەک یەکەم هێرشی کیمیایی بەربڵاو بۆ سەر شارێکی مەدەنی، لە ڕاستای مافی بۆ دەستڕاگەیشتن بە ڕاستی.
چوارەم، کۆتاییهێنان بە ڕوانینی ئەمنی بۆ داواکارییە مەدەنییەکان و چاکسازیی بەرپرسیارێتییە ناوخۆیییەکان لەوانە کەمترخەمی لە پێشگرتن، لاوازی لە بەڕێوەبردنی دوای کارەساتەکە و سنووردارکردنی چالاکیی ئەنجومەنەکانی قوربانیان، بە شێوەیەک کە مافی ناڕەزایەتی، دادخوازی و چالاکیی مەدەنی بە بێ هەڕەشە و گوشار دەستەبەر بکرێت.