دارسمە
وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی، بەوپەڕی دڵسۆزیی باوکانەوە و وەک خەمخۆرییەکی بێوێنە، کورتەپەیامێکی مێژوویی و حەکیمانەی بۆ ئۆممەتی هەمیشە لەسەحنە بڵاو کردووەتەوە و ئەم پەیامەی بۆ مۆبایلی هەموو هاووڵاتییان ناردووە و دەڵێت: “ئەو ئێرانییانەی لە عێراقن، نەکەن تەنانەت نیو گرامیش مادەی هۆشبەر لەگەڵ خۆتان هەڵبگرن”!
هەتا ئێستا ئێمەی کڵۆڵ پێشتر وامان دەزانی بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن و گرتنەبەری ڕێگای کەربەلا، تەنیا پاسپۆرتێک، کەمێک پارەی گیرفان، جووتێک پێڵاوی پەتەی قایمی دەوێت. کەچی ئێستا، وەزارەت بابەتەکەی وا لێک داوەتەوە پێش ئەوەی قاچ بخەینە دەرەوەی ماڵ، دەبێت وەک پشکنەری گومرگ بکەوینە وێزەی گیرفانمان، نەوەک بەبێ ئاگاداریی خۆمان، نیو گرام شیشە یان تۆزێک تلیاک بە قاچاخ خۆی خزاندبێتە نێو جانتاکەمانەوە!
ئەم پەیامە لە گەرمەی ڕۆژانی ئەربەعیندا بڵاو دەبێتەوە؛ ئەو ڕۆژانەی میلیۆنان کەس بە قاچی پەتی و بەدەم سینگ کوتانەوە بەرەو کەربەلا دەچن. بەڵام لە ئاوازی پەیامەکەی ئیتلاعاتەوە وا دەخوێندرێتەوە، پێ دەچێت نیوەی ئەم زیارەتکارانە، لە پاڵ نان و پەنیر و خورماکەی نێو جانتایان، جۆرێک لە مەعنەوییەتێکی دیکەشیان پێچابێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگادا ماندوو نەبن!
بێگومان وەزارەتی ئیتلاعات شتێک دەزانێت و ئێمە نایزانین. ئەگینا بۆچی دەبێت نامەیەکی گشتی بۆ حەفتا هەشتا میلیۆن کەس بنێردرێت و پێیان بڵێت: “تکایە مادە مەبەن”.
لەوانەیە بەڕاستیش دەسەڵات زگی بۆ هاووڵاتییەکانی بسووتێت، چونکە دەزانێت یاسای عێراق سەبارەت بە مادەی هۆشبەر زۆر وشک و توندە. لەوێ ئەگەر بڕێکی هێندەی دەنکە نۆکێکت لێ بگیرێت، پۆلیسی عێراقی نایەت دەست بە سەرتدا بهێنێت و بپرسێت: “کاکە گیان، ئەمە بۆ کەیف و دەماغی خۆتە یان بۆ میوانت هێناوە؟” نەخێر! یەکسەر کەلەپچە و بەرەو زیندانەکانی ئەبوغرێب و دادگا!
ئەمە عێراقە عێراق، وامەزانن نێوخۆی وڵاتە و لە گەڕەک و کۆڵانی شاراندا، دۆزینەوەی مادەی هۆشبەر لە کڕینی دەرمانی فشار و شەکرە زۆر ئاسانترە! بۆ دۆزینەوەی دەرمانێکی ئاسایی، دەبێت پێڵاوەکانت بدڕێنیت و حەوت دەرمانخانە بگەڕێی و لە کۆتاییدا دەرمانفرۆشێکی فریشتەئاسا بدۆزیتەوە و بە لای لووتیدا بڵێت ئەسلی دەرمانەکە دەست ناکەوێت و تەنیا “موشابیهـ”مان هەیە. بەڵام بۆ مادەی هۆشبەر؟ تەنها بەسە بچیتە سەر سووچی کۆڵانێک و دوو جار لە سەر یەک بێژی ئحمم، ئحمم؛ یەکسەر سێ کەس لێت پەیدا دەبن و دەڵێن: “ژۆری وەدوا مەکەوە، زوو پێمان بڵێ حەزت لە کامیانە. شیشە، عەلەف، تریاک یان… ”
لێرە دەسەڵات جۆرێک لە ی “ڕۆمانتیک و یاسایی” لەگەڵ مادەی هۆشبەردا هەیە. بە ڕۆژ لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە فرمێسکی بە خوڕ بۆ گەنجان دەڕێژێت و شمشێر لە دژی قاچاخچییان هەڵدەکێشێت؛ بە شەویش مادە لە هەموو کونج و کەلەبەرێکی شاردا، وەک نوقڵ و نەبات بەردەستە. بە ڕۆژ دادگا حوکمی لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی دەردەکات، بەڵام بە شەو بازاڕی فرۆشتنی مادەکان گەرمترین بازاڕی بۆرسەی وڵاتە! بە ڕۆژ ی ئایینی لەسەر پاکی و تەقوا دەخوێندرێتەوە، بە شەویش گەنجی بێکار و بێهیوای ئەم وڵاتە لەنێو تاریکیدا بەدوای نیو گرامدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ساتێک ژیانەوە بەرەو سڕبوون بفڕێت.
ئەم وەزارەتی ئیتلاعاتەی خۆمان لە من و لە تۆ باشتر دەزانێت، هاووڵاتیی بێهۆش و سڕکراو، نیعمەتێکی گەورەیە و زۆر لەو هاووڵاتییە باشترە پرسیاری زۆر دەکات و وەک خۆرە مێشکی مرۆڤ دەخوات.
نانا، تۆخوا لە ئیدارەی ئیتلاعات زویر مەبن. خۆ پەیامەکەی ئەوان ناڵێت بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر خراپە. نەخێر! کێشەکە ئەوەیە تۆی هاووڵاتی ئەوەندە بێئەقڵ بیت و ئەو مادەیە لەگەڵ خۆت ببەیتە وڵاتێکی دیکە و لەوێ ئابڕووی “نیشتمان” ببەیت! بەڵام نێوخۆی وڵات وەک ماڵی خۆت وایە و لێرە هەموو شتێک وەک کێشەی خێزانییە. لە دەرەوەی سنوور، نیو گرامەکەی نێو گیرفانت دەبێتە قەیرانێکی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی!
بە کورتی و بە کوردی، نامەکەی وەزارەت پێمان دەڵێت: “هاووڵاتیی ئازیز! تکایە ئابڕوومان مەبە و کێشەکانت نەبەیتە دەرەوەی سنوور. لە نێوخۆدا هەرچییەک دەزانی ئێمە بێدەنگیی لێ دەکەین بیکە”!
پەیامەکەی وەزارەتی ئیتلاعات ڕاسپاردەیەکە بیری قووڵی دەوێت. ئەگەر بیرمان قووڵ بێت و بیرمەند بین، دەبێ ئەوە لەوە تێبگەین هیچ کەسێک لە ڕێگەی “ئەماکنی موقەدەسدا” دوای مادەی هۆشبەر ناکەوێت. لەوێ مادەی هۆشبەر لە خلووسی نییەتی پاکت کەم دەکاتەوە بەڵام لە نێوخۆ هەرچی زیاتر بخۆی نییەتی مەترسیدارت جوانتر دادەپۆشێت. مادەی هۆشبەر حیجاب و پۆششی نییەتی مەترسیدارە.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران