ڕۆژنامەی “نیویورکتایمز” لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا، بە شێوازێکی گشتی ڕەزامەندیی نیشان داوە لەسەر ڕادەستکردنی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی، کە ئەمەش وەک گرنگترین خاڵی ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوان هەردوولا ئەژمار دەکرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، واشنگتۆن مەرجی مانەوە لە دانوستانەکانی بەستووەتەوە بە وەرگرتنی بەڵێنی ڕوون لە تاران سەبارەت بە چارەنووسی ئۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی کە خەستییەکەی بەرزە؛ تەنانەت لە ڕێگەی نێوبژیوانەکانەوە هۆشداریی داوەتە تاران ئەگەر ئەم مەرجە قبووڵ نەکات، ئەمریکا مێزی دانوستان جێدەهێڵێت و گوشارە سەربازییەکانی دەست پێ دەکاتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەرتەشی ئەمریکا چەندین بژاردەی سەربازیی بۆ لێدانی بنکە ناوەکییەکانی ئیسفەهان ئامادە کردووە.
ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نیشان دەدەن کە ئێران خاوەنی ٤٤٠ کیلۆگرام ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠٪ە کە مەودایەکی کەمی لەگەڵ دروستکردنی چەکی ناوەکیدا هەیە.
لەم پێناوەدا بژاردەی گواستنەوەی پاشەکەوتەکە بۆ وڵاتێکی سێیەم یان دابەزاندنی ئاستی پیتاندنەکەی لە ئارادایە. لە بەرامبەردا، ئازادکردنی میلیاردها دۆلاری بلۆکەکراوی ئێران وەک پاداشت خراوەتە ڕوو، بەڵام دەستڕاگەیشتنی تاران بەم پارەیە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران