ڕۆژنامەی “واڵستریت ژۆرناڵ”ی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەست پێکردووەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، برەد کۆپێر، فەرماندەی سێنتکام پلانێکی دوو حەفتەیی بۆ چڕترکردنی پەلامارەکان ئامادە کردووە، کە بە مەبەستی لێدانی ژێرخانی مووشەکی و دڕۆنیی ئێران و لاوازکردنی توانای بەرگریی تاران، لە ماوەی ١٠ تا ۱۴ ڕۆژدا ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئەمریکا چڕتر دەکرێنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی واڵستریت ژۆرناڵ، کۆپێر پێی وایە زیادکردنی هێرشەکان توانای هێرشبەریی کۆماری ئیسلامی کەمدەکاتەوە و بەمشێوەیەش پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی بەرگریکارانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مووشەکەکانی ئێران دادەبەزێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە پێشنیارەکەی فەرماندەی سێنتکام لە هەنگاوە تۆڵەسێنەرەوە سنووردارەکانی حەفتەکانی ڕابردوو زۆر تێپەڕ دەبێت، چونکە بە بڕوای ئەو تەنیا هێرشی بەردەوام دەتوانێت زنجیرەی پەلامارەکانی ئێران و بەرپەرچدانەوەکانی ئەمریکا بوەستێنێت.
لە بەرانبەردا، لە کاتێکدا فەرماندەی سێنتکام جەخت لەسەر هەڵمەتێکی ئاسمانیی توند دەکاتەوە، دەن کەین، بەرپرسی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا ئاماژە بە پێویستیی ڕێکارێکی ستراتێژییانەتر دەکات.
ناوبراو جەختی لەسەر پاراستنی کۆگاکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و تۆکمەکردنی بەرگریی دەوروبەری بنکە یەکان کردووەتەوە.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران