ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی ئێران لە وڵاتی سوید سێمینارێکی سیاسی-تەشکیلاتیی بۆ بەڕێز کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، لە شاری وێسترۆس پێک هێنا.
سێمینارەکە بە بەخێرهێنانی بەشداربووان لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە ”نەبەز عەلیدووست” و دواتر بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.
لە بەشی یەکەمی سێمینارەکەدا کاک مستەفا باسێکی گشتیی سەبارەت بە ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەریی ئەو ڕووداوانە لەسەر کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات و چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان پێشکەش کرد.
بەڕێزیان لە بەشێک لە وتەکانیدا وتی: ”ئەوەی دەتوانێ حیزبێک یان هێزێکی سیاسی لەسەر پێ ڕاگرێ نوێبوونەوەی بەردەوام و ڕاکێشانی مێشک و توانا تازەکانە کە هەم خوێندن و هەم ئەزموونی تازەتر و بەڕۆژیان هەیە و لە زۆر بواردا لە ئێمە شارەزایاناتر لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانەوە هەڵسوکەوت دەکات.”
بەڕێز هیجری باسی لەوە کرد کە لە پێوەندی لەگەڵ دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ بەرەوپێشچوونی خەباتی نەتەوایەتیی گەلەکەمان پێویستە ئێمە لەگەڵ خەڵک و لایەنی دیکەش بتوانین کار بکەین. چ لە نێوخۆی کوردستان و چ لەگەڵ هێزەکانی دیکەی نێو جوغرافیای ئێران. بۆ نیزیکبوونەوە لە لایەنەکانی دیکە پێویستمان بە دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانە و کاریان لەسەر بکەین. نموونەی هەرە بەرچاو پێکهێنانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
بەشی دووهەمی باسەکەی کاک مستەفا تایبەت بوو بە بارودۆخی حیزب بەتایبەت لە ماوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسراییل و ئێران.
بەڕێزیان وتی: “ئەگەرچی بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، بارودۆخی حیزب و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە جاران سەختتر بووە، بەڵام هاوکات دەرفەتی زیاتریشی لە بەردەمماندا دروست کردووە.
لە بەشی دووهەمی سێمینارەکەدا بەشداربووان بە پرسیارەکانیان لە بەڕێز کاک مستەفا باسەکەیان پڕ نێوەرکتر کرد.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران