دارسمە
لەسەر گۆی ئەم زەوییەی ئێمە لێی دەژین، ئەو تەنگانەی بەردەوام بە داخراوی ماونەتەوە زۆر دەگمەنن، بەڵام تا بڵێیت ئەو تەنگانەی کراوەن و بوونەتە دەماری ژیان، یەکجار زۆرن. گەر ئاوڕێک لە نەخشەی جیهان بدەینەوە، دەبینین جەبەلیق، تایوان، تسوشیما و هۆرمووز شادەماری ڕێڕەوە بازرگانییەکانی جیهانن. بێگومان لە نزیک تەنگەی هۆرمووزیش، تەنگەیەکی خوڕیلکەی دیکە هەیە و ناوی بابولمەندەبـە؛ ئەمەی دواییان کەمێک بەدبەختە، چونکە کەوتووەتە ژێر ڕەحمەتی حووسییە خەنجەرکورتەکانی یەمەنەوە! بەڵام بابەتی ئەمڕۆی ئێمە، شازادەی تەنگەکانی جیهانە؛ تەنگەی هۆرمووز! ئەو تەنگە گرنگەی کە بەژنی سەرەوەی دەبێتە سنگی ئێران خانم و نیوبەژنی خوارەوەشی دەکەوێتە باوەشی وڵاتانی عەرەبییەوە.
بەر لەوەی بچینە نێو کرۆکی باسەکەوە، با کەمێک لەسەر زاراوەسازیی تەنگە بوەستین. هەندێک لە نووسەران و سیاسەتمەداران، بە هەڵە یان لە نەزانینەوە، بەم تەنگەیە دەڵێن گەروو، هەندێکی دیکەش زۆر بە لایاندا دەدەن و پێی دەڵێن تەنگاو! لێرەدا دەبێت بڵێین ئەوانەی وای پێ دەڵێن لە هەڵەیەکی کوشندەدان. ئاخر ئەگەر نووسەرێک حەزیشی لە قافیەبازی و یاریی وشەیی وەک تەنگە و مەنگە یان گەروو و مەروو نەبێت، دیسانیش ناکرێت بڵێت تەنگاو. وشەی تەنگاو لە زمانی کوردیدا واتە کەسێک کە فشاری میزڵدان یان هینکەی دیکەی بۆ هاتبێت و خەریک بێت بەسەر خۆیدا بیکات! خۆ ئەگەر تەنکاوـیشی پێ بڵێن، واتە ئاوی تەنک و کەمقووڵ. بەم حیسابە، پێویستە هەموو کوردزمانان لەسەر بەکارهێنانی وشەی تەنگە هاوڕا بن، پێش بە تێکەڵبوونی کێشەی جوگرافی و میزڵدان بگرن.
ئێستا ئەگەر لەسەر وشەی تەنگە ساغ بووینەوە، باشترە قسە لەسەر قەیرانی داخستن و دانەخستنەکەی بکەین. دیارە ئێمە حەقمان بەسەر جەبەلیق و تایوانەوە نییە و کێشەی ئەوان چارەسەر ناکەین، بەڵکوو لێرەدا لەسەر تەنگەی هۆرمووزی داوێنی ئێران دەوەستین و لەوێوە بە بەژن و باڵای ئابووریی خۆماندا هەڵدەدەین.
ئەم تەنگەیە هێندە هەستیار و ستراتیژییە، دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران ماوەی چل ساڵێک دەبێت شەو و ڕۆژ باسی داخستنی دەکەن. بە جۆرێک لووتیان بەرز کردبۆوە، دەیانگوت هەر کاتێک ئارەزوو بکەین، تەنگەکە وەک قردێلە گرێ دەدەین و ترپەی لێدانی دڵی ئابووریی جیهان هەر لەوێدا دەخنکێنین. دنیاش لەم هەڕەشانە دەترسا و دەیگوت نەوەک ئەم کابرا سەرەڕۆیانە بەڕاستی قورگمان بگرن.
بەڵام با بێینە سەر واقیعەکە؛ لەم دواییانەدا و دوای ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە جدی و بە کردەوە کەوتنە بەرکەوتن، دەسەڵاتدارانی تاران دوای نزیکەی پەنجا ساڵ هەڵبەز و دابەز لەسەر سنگی پان و بەرینی ئێران خانم، هاتنە سەر ئەو بڕوایە ئیدی کاتی ئەوەیە تەنگەکە بەڕاستی بگرن و بیپەتێنن، تا نەهێڵن هیچ شتێک هاتوچۆی پێدا بکات. بەڵام کارەساتە کۆمیدییەکە لێرەدا ڕووی دا! دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی زۆر بە توندی تەنگەکەی گوشی، دیتی دڵی ئابووریی جیهان نەک هەر لە لێدان نەکەوت، بگرە زۆر ئاسایی کاری خۆی دەکات! ئەی کەواتە کێ خنکا؟ لێرەدا تووشی شۆکێکی وا گەورە بوون پێشتر هەرگیز بیریان لێ نەکردبۆوە؛ ئەویش ئەوە بوو بۆیان دەرکەوت ئەوان تەنگەکەیان بەسەر خۆیاندا داخستووە!
کۆماری ئیسلامی، بەم هەنگاوە ئێرانی وەک ئەو نەخۆشە لێ کرد تووشی پەتای میزگیران بووبێت و بە داخستنی ڕێڕەوەکان، هەرچی ئاو و پاشەڕۆی ئابووری و دارایی هەیە، لە میزڵدان و گورچیلە و بن پەراسووانی ئێراندا قەتیس ماوە و دەرناچێت. پزیشکانی بواری ئابووری، دوای پشکنینی ئەم تەنگژەیە، هاتنە سەر ئەو بڕوایە ئەگەر نەخۆش ڕێڕەوی دەرچوونی ئەم پاشەڕۆیانەی لێ بگیرێت و بەردەوام تەنگاو بێت، هەموو ژەهر و تراودەڵێنەکانی نێو جەستەی بڵاو دەبنەوە، ئەندامەکانی لە کار دەکەون و دەردەکەی دەبێتە دەردێکی کوشندە. خۆ ئەگەر وا بڕوات، بە هەموو ڕێسا و یاسایەکی پزیشکی و سیاسی، دەسەڵاتی ئێستا وەک بکوژ و هەڵوەشێنەری جەستەی ئێران خانم دەناسرێت.
ئێستا کار لە کار ترازاوه. کۆماری ئیسلامی کاتێک زانیویەتی خەریکە لە تەنگاویدا دەپڕووکێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی داخرانی تەنگەکەی خۆی، خەریکە بە ژێر بەڕەوە پەلەقاژێ دەکات. دەنگۆ هەیە ١٤ خاڵی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ئامادە کردووە و تکا و پاڕانەوەیەتی ئەمریکا بێت و هینەکەی بۆ بکاتەوە، تاوەکوو ئابووریی ئێران پشوویەکی بێتەوە بەر و لەو ژەهرە کەڵەکەبووە ڕزگاری بێت.
لە کۆتاییدا، بە تێگەیشتن لەم کۆمیدیا ڕەشە، دەگەینە ئاکامێکی تاڵ و ڕوون: لە ڕاستیدا ئەوە ئێران نەبوو تەنگەی بەڕووی جیهاندا داخست، بەڵکوو ئەوە ئەمریکا بوو تەنگەکەی بەسەر خودی ئێراندا داخست. مەرجەکەش زۆر سادەیە؛ هەتا ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە و ئەم دەسەڵاتە بەسەر سنگی ئێرانەوە بێت، مامە سام ئامادە نییە هیچ کلیلێک بەکار بهێنێت و تەنگەکەی بۆ ناکاتەوە. ئێران دەبێت هەروا بە تەنگاوی بمێنێتەوە، تا ئەو ڕۆژەی ڕێگەیەکی عەقڵانی بۆ چوونە ئاودەستی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەدۆزێتەوە!
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران