لە کاتێکدا کە دەنگۆی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماتیک و ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئارادایە، سێ سیناتۆری ناوداری کۆماریخوازی ئەمریکا هۆشداریی توندیان لە دەرەنجامەکانی هەر چەشنە نەرمییەک بەرامبەر بە تاران دا.
سێناتۆر “لیندزی گراهام” ڕایگەیاند کە هێشتنەوەی ڕێژیمی ئێران و بەخشینی کۆنترۆڵی گەرووی هۆرمۆز بە تاران، ئاگری شەڕ لە لوبنان و عێراق خۆش دەکات و هێزە نیابەتییەکانی وەک حیزبوڵڵا و میلیشیا شیعەکان بەهێزتر دەکات.
هاوکات، “تێد کروز” ئەم ڕێککەوتنە ئەگەرییەی بە “هەڵەیەکی کارەساتبار” ناو برد و دژایەتیی خۆی بۆ لادانی گەمارۆکان و پێدانی میلیۆنان دۆلار بە تاران دەربڕی؛ ناوبراو پێداگریی لەسەر بەردەوامیی دۆخی سەربازی کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، “ڕاجێر ویکێر” هۆشداریی دا کە ئاگربەستی پێشنیارکراو، دەستکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی “توڕەیی حەماسی” ئەمریکا لەنێو دەبات و دەرفەت دەداتە تاران بۆ خۆڕێکخستنەوە.
ئەم ناڕەزایەتییانە دوای ئەوە دێن کە ترامپ ڕایگەیاندووە دانوستانەکان لەسەر هاوکێشە سیاسیی و ئەمنییەتییەکان و گەرووی هۆرمۆز پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران