بەپێی دوایین زانیارییەکان، بەهۆی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی عەرەبستان و ئەمریکا بۆ سەر گرووپی چەکداری حەشدی شەعبی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق، زیاتر لە ٢٠ چەکداری ئەو گرووپە کوژراون و ٣٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی گەلاوێژ، گرووپی چەکداری حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، کوژرانی ٢٠ چەکدار و برینداربوونی ٣٢ چەکداری دیکەی پشتڕاست کردەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ئاماری کوژراوەکانی ئەو گرووپە ٨ کەس بووە، بەهۆی سەختیی هێرشەوە پێدەچێت ئەو ئامارانە هەڵکشانی زیاتر بەخۆوە ببینن.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ عەرەبستان و ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، بنکەکانی حەشدی شەعبییان لە پارێزگاکانی بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە، کەرکووک، کەربەلا و دیالە کردە ئامانجی هێرشی مووشەکی و ئاسمانی و زیانێکی زۆری مادی و گیانیان بەو دەستوپێوەندییەی ڕێژیمی ئێران لە عێراق گەیاندووە.
بە گوێرەی بەیاننامەی سێنتکام، ئامانج لە هێرش بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران وڵامدانەوە بەو هێرشانەیە کە لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانە نەوتییەکانی سعوودیە ئەنجامیان دابوون.
هەروەها سێنتکام ڕاشیگەیاند کە ئەم گرووپانە ڕێنماییان لە سپای تێرۆریستیی پاسداران وەرگرتووە و لە ماوەی ٣ ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٠ هێرشی دڕۆنییان دژی بنکەکانی ئەمریکا و ژێرخانە نەوتی و ئابوورییە گرنگەکانی عەرەبستان ئەنجام داوە کە زۆربەیان لەلایەن سیستەمی دژەئاسمانیی ئەو وڵاتەوە تێکشکێندراون.
لەو هێرشانەدا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هەردوو وڵات چەندین کۆگای چەکوچۆڵ و شوێنی لۆجستیکییان لە ٧ پارێزگای عێراق کردووەتە ئامانج.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران