تام کاتن، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی “فاکس نیوز” ڕایگەیاند کە سەرجەم ئەندامانی ڕێژیمی ئێران “تێرۆریستی توندئاژۆ و ئینقلابین.”
ناوبراو جەختی کردەوە ڕێژیمی تاران ناتوانێت لە ڕێگەی جیاکردنەوەی دیپلۆماتکارانی لە بەشەکانی دیکەی دەسەڵات، لە بەرپرسیاریەتیی هێرشەکانی سەر ئەمریکا و کەشتیوانیی نێودەوڵەتی ڕابکات.
کاتن بە دەربڕینی پاڵپشتیی تەواو لە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند واشنگتۆن دەبێت بەردەوام بێت لە وەشاندنی گورزی قورس و هێشتنەوەی سزاکان، لەگەڵ کراوەهێشتنەوەی گەرووی هۆرمۆز.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەنگە پێویست بێت بۆردومانە دژوارەکان بۆ ماوەی دوو تا سێ حەفتەی دیکە بەردەوام بن، تاکوو تواناکانی تاران بۆ هەڕەشەکردن لە هێزەکانی ئەمریکا و ئەمنییەتی دەریایی لەنێو ببرێن.
ئەم سێناتۆرە ئەمریکاییە بە گومانەوە باسی لە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ تاران کرد و وتی: “زۆر بەدوورى دەزانم کەسێک لە ناو ڕێژیمدا بدۆزرێتەوە کە ویست و توانای ڕێککەوتنی هەبێت.”
کاتن لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە بەردەوامیی سزاکان ڕۆژانە نزیکەی نیو میلیارد دۆلار زیان بە ئابووریی کۆماری ئیسلامی دەگەیەنێت.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران