فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا “سێنتکام”، بانگەشەکانی سپای پاسداران و ڕاپۆرتی هەواڵدەری و دەنگوڕەنگی فەرمیی ڕێژیمی ئێرانی لەمەڕ زیانگەیاندن بە چەند فڕۆکەی شەڕکەری ئەمریکایی و دەورلێدانی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەلایەن ڕێژیمەوە بە درۆ ناو برد و ڕایگەیاند کە ئەم بانگەشانە لە ڕاستییەوە دوورن.
سێنتکام لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پێچەوانەی بانگەشەکەی سپای پاسداران، ھاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی ھۆرمۆز جێگای مەترسی نییە و ئەوەی ئاسایشی کەشتیوانی دەخاتە مەترسییەوە، ھەڕەشە زارەکییەکان و هەوڵەکانی سپای پاسدارانە بۆ هێرشکردنەسەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەرنشینە مەدەنییەکانیان.
سێنتکام هەروەھا بانگەشەی سپای پاسداران سەبارەت بە تێکشکاندنی سێ فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-٣٥ و سێ فڕۆکەی تری ئەمریکایی لە هێرشی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایی لە ناوچەکە ڕەت کردەوە.
سێنتکام هەروەها ڕایگەیاند کە هیچ فڕۆکەیەکی ئەمریکی لەم هێرشانەدا زیانی پێ نەگەیشتووە و سەرجەم مووشک و دڕۆنەکانی ئێران یان خراونەتە خوارەوە یان ئامانجەکانیان نەپێکاوە.
ئەم ناوەندە سەربازییەی ئەمریکا ڕاپۆرتی هەواڵدەری و دەنگوڕەنگی ڕێژیمی لەمەڕ تێپەڕبوونی نەوتکێشی بازرگانیی ئێم تی نۆرا بەناو گەمارۆی دەریایی ئەمریکا وەدرۆ خستەوە و ڕایگەیاند کە ئەم کەشتییە گەمارۆی نەشکاندووە و زیاتر لە ٢٠ کەشتیی جەنگی، سەدان فڕۆکە و هەزاران سەربازی ئەمریکی هێشتا لە هەوڵی جێبەجێکردنی تەواوەتیی بڕگەکانی ئەم گەمارۆیەدان.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران