فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام)، شەوی هەینی ٢٢ی جۆزەردان، بە فەرمی ڕایگەیاند کە هێزەکانیان چەندین دڕۆنی خۆکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تێکشکاندووە کە هەوڵیان دابوو هێرش بکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا.
سێنتکام لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە سەرجەم دڕۆنە هێرشبەرەکانی تاران لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە خراونەتە خوارەوە و هاتوچۆی کەشتییەکان لەم ڕێڕەوە بازرگانییە نێودەوڵەتییەدا بەبێ کێشە بەردەوامە.
ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە بوو کە میدیاکانی نێوخۆی ڕێژیم باسیان لە بیستنی دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە نزیک دوورگەی “قێشم” و ناوچەی “سیریک” کردبوو، هەرچەندە هەواڵدەریی حکوومەتی “مێهر” ئیدیعای کردبوو کە هێزەکانی ڕێژیم تەنیا “تەقەی هۆشدارییان لە دەریادا” کردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانە، کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە ڕێوڕەسمێکدا لە ویلایەتی تێگزاس ڕایگەیاند، کە ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ٧ میلیۆن بەرمیل نەوت بە هاوکاری و پاراستنی سەربازیی ئەمریکا لە کەنداو هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران