ڕەزا دانشجوو
دواجار و دوای چەند مانگ چاوەڕوانی و هەڵبەت چەند جار هەڵوەشاندنەوە و گۆڕینی کات و شوێنی ڕێوڕەسمەکە، عەلی خامنەیی دیکتاتۆری لەنێوچووی تاران بەخاک سپێردرا!
بەبێ گوێدان بە شێوەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە و بەشدارینەکردنی موجتەبا خامنەیی، کوڕ و جێنشینی عەلی خامنەیی بە هۆکاری ناڕوون و ڕەنگە ئەمنییەتی و دەیان بابەتی دیکەی وەک ناکۆکیی نێوان ڕکابەرە سیاسییەکانی نێو ڕێژیم بۆ ئەوەی لە پێشەوەی ڕێوڕەسمەکەدا بن؛ یان دەنا ڕێژەی کەمی بەشداریی خەڵک تەنانەت بە زۆرەملێ؛ ناشتنی ڕێبەری لەنێوچووی ڕێژیم دوای زیاتر لە چەند مانگ نیشانەیەکی ڕوونە لە داماویی و بێهیوایی و بێدەسەڵاتیی کۆماری ئیسلامیی. ئەم زەبوونی و داماوییەش لە کاتێکدایە کە دەزگای پڕوپاگەندە و تەبلیغاتی ڕێژیم بێوچان لە هەوڵی ئەوەدایە و تێدەکۆشێت وێنەیەکی ناڕاست و درۆیین لە واقیعی ڕووداوەکان نیشان بدات و ڕێژیمی لەسەر لێواری هەڵدێری کۆماری ئیسلامی وەک براوە و سەرکەوتووی شەڕ دژی ئیسرائیل و ئامریکا پێشان بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە چاوخشاندنێکی کورت بە ڕەوتی ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوودا بەڕوونی دەریدەخات کە کۆماری ئیسلامی تا چەندە لاواز و بێدەسەڵات بووە. تەنانەت ئەو چەند سیاسەتمەدارە دیارانەی ڕێژیم کە لە تیرۆر و مردن بە شێوەیەکی کاتی ڕزگاریان بووە، باش دەزانن دۆخەکە بە شێوەیەکی ئاشکرا ناڕوون و مەترسیدارە. لە درێژەدا بە کورتی باس لەوە دەکرێت هۆکاری ئەم ناڕوونییە چییە و بۆچی دۆخەکە بۆ ڕێژیم مەترسیدارە.
قەیرانی ئابووری
بارودۆخی نالەباری ئابووری، هەڵاوسان و گەندەڵیی سیستماتیک ساڵانێکە بە ژیانی شەرمەزارکەری کۆماری ئیسلامییەوە گرێ دراون. سزا نێودەوڵەتییەکانیش ئەم بارودۆخیان ئاڵۆزتر کردووە، بەڵام ڕەنگە کۆتا بزمار لە جەستەی ئەم ئابوورییە نزار و لاوازە تێچووی سەدان میلیارد دۆلاریی شەڕ و هەڵبەت بە شێوەیەکی بەرچاوتر خەسارە بێژمار و لە ڕادەبەدەرەکانی بەجێماو لەم شەڕە بێت کە تا ئێستاش کۆتاییەکەی ناڕوونە! ڕەنگە ئێستا و لە سێبەری کەش و هەوای شەڕدا، ئەم تێچوو و خەسارانە زۆر دیار نەبن، بەڵام تێپەڕبوونی کات دیوی شاراوە و کەمتر بیندراوی ڕووداوەکان ئاشکرا دەکات و ڕەنگە ئەمە ببێتە کۆتایی ژیانی ئەم ئابوورییە نەخۆش و بێعیلاجە.
ئابوورییەک کە تەنانەت پێش شەڕ و ڕووداوەکانی پەیوەست بە شەڕ بەشێکی زۆری جەستەی لەکار کەوتبوو، ئێستا پێناچێت تەنانەت بە یارمەتیی ئامێری هەناسەدان توانای هەناسەکێشانی هەبێت. کۆماری ئیسلامی دەزانێت کە وەرگرتنی قەرەبوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا تەنانەت لەسەر کاغەزیش جێی باوەڕ و متمانە نییە و سەبارەت بە پارە بلۆککراوەکانی ڕێژیمیش، وەک ترامپ و ئامریکاییەکان دەڵێن، پێناچێت هیچ شتێکی تایبەت دەستی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی بگرێت. ڕەنگە لەم بارودۆخەدا تەنیا ئەڵتەرناتیڤ و کۆتا کارتی کۆماری ئیسلامی درێژەدان بە چەتەیی و ڕەشبگیری لە گەرووی هورمز بێت. ئەوەش کە هەتا کەی ڕێژیم دەتوانێت درێژە بەم دۆخە بدات و هەتا کەنگێ وڵاتانی ناوچە و جیهان بە تایبەت ناتۆ و وڵاتانی ئورووپایی سەبارەت بەم ڕەفتارەی ڕێژیم بێدەنگ دەبن؛ دەبێت ماوەیەک پشوودرێژ و چاوەڕوان بین.
ململانێی دەسەڵات
فەرماندە و سەرکردەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی سپای پاسداران لە غیابی ڕێبەری ڕێژیمدا بە شێوەیەکی کاریگەر دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە و وا دیارە موجتەبا خامنەیی هیچ ڕۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا نییە. ڕاستیی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە ئەگەر موجتەبا خامنەیی لە ڕووی جەستەیی و دەروونیشەوە هەناسەیەکی بەبەردا مابێت، بە دوور نازانرێت فەرماندە باڵاکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی سپای پاسداران بە ئاسانی حازر نەبن دەسەڵات بەتەواوی ڕادەستی ئەو بکەن. نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە موجتەبا خامنەیی بە پێچەوانەی باوکە تاوانبارەکەی لە هیچ بوارێکدا لە کۆماری ئیسلامیدا نە کاری کردووە و نە کارنامەیەکی ڕوونی هەیە. نە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر سیاسەتمەدار و گروپەکانی دەسەڵاتدار هەیە و نە پەرستراوانی ڕاستەقینەی خاوەن پێگەی لە سوپای پاسداراندا هەیە. دەبێت بگوترێت کە دیکتاتۆری تازەی تاران لانیکەم پێویستی بە چەند ساڵێک کات هەیە هەتا بتوانێت هەژموونی خۆی لە سەر دەسەڵات بچەسپێنێت. ئەم بۆشاییە لە ناوەندی سەرەوەی بڕیاردان بە ڕوونی ململانێی دەسەڵات لەنێو فەرماندە و مافیاکانی تیرۆریستیی سوپای پاسداران زیاد کردووە. ئێستا تێکۆشان بۆ کۆکردنەوەی هاوڕێ و وەفادار و پۆلێنکردنی سیاسی لە نێوان ئەم تیرۆریستانەدا لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە.
لە ئێستادا لانیکەم دوو بۆ سێ تیمی چالاک لەنێو ڕێکخراوی تیرۆریستیی سوپای پاسداراندا دەبینرێن: تیمی قالیباف، تیمی فەرماندەی سپای پاسداران وەحیدی و زۆڵقەدر سکرتێری شوڕای بەرزی ئەمنییەتی ڕێژیم و تیمی فەرماندە کۆنەکان و خانەنشینکراوەکانی سوپای پاسداران، وەک موحسین ڕەزایی و جەعفەری کە بێگومان لە دوو تیمەکەی تر زۆر لاوازترن.
ئاسەواری ئەم ململانێ سیاسییە لە دەسەڵات لە بڕیارە سەیر و سەمەرە و بە واتای سیاسی نایەکگرتوو و دوورگەیی و هەندێکجاریش دژ بەیەک بە ڕوونی دەبینرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێستا لە چوارچێوەی قەوارەی ڕێژیمدا چەندین ناوەندی بڕیاردان کە هەندێک جار ناکۆکن، پێک هاتوون و هەریەکەیان بە پێی هەلومەرجی خۆی دۆخەکە لێکدەداتەوە و حوکم و فەرمان دەردەکات!
وەهم و دژایەتی
ئامێری پڕوپاگەندەی ڕێژیم کە ماوەیەکی زۆرە تەپڵی شەڕی لێ دەدات، ئێستا ڕووبەڕووی دژایەتییەکی گەورە بووەتەوە. ئەو دەزگایەی بە درێژایی ڕۆژانی شەڕ و تەنانەت دوای ئاگربەست بەردەوام بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی ڕێبەری لەنێوچوو و کوشتنی ترامپیان دەدا ئێستا داماو و دەستەوەستان نازانێت چۆن بۆ ئەو کەسانەی کە تا دوێنێ باسی لە تۆڵە و بەرخۆدان دەکرد ئەمڕۆ باس لە دانیشتن و دیالۆگ و ڕێککەوتن لەگەڵ شەیتانی گەورە و بکوژی ڕێبەر بکات.
ئێستا ئەم کەمینە وەفادار و لایەنگرەی ڕێژیم کە بە درێژایی شەڕ لەسەر شەقامەکان بوون، بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بۆیان دەرکەوتووە کە لە لایەن سیاسەتمەدارانی ڕێژیمەوە وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کەڵکیان لێ وەرگیراوە و زیاتر لەوەش ئارمان و داخوازییەکانی ڕێبەری لەنێوچوو بە تەواوەتی پشتگوێ خراون و خیانەتیان پێ کراوە.
دەزگای پڕوپاگەندەی ڕێژیم دەستەوەستان لە دابینکردنی خۆراکی فکری و قەناعەتهێنان بە لایەنگرانی ڕێژیم خەریکی سڕینەوەی ڕاستییەکان و شەرعییەتدان بە دانوستان و ڕێککەوتنە.
کۆماری ئیسلامی کە بە دروشمی نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوا هاتە سەر دەسەڵات، زۆر زوو مەجبوور بوو لە بەشێک لەم دروشمە پاشگەز بێتەوە و بە بادانەوەیەکی گەورە بێتە هاوڕێی گەرموگوڕی سۆڤییەت و ڕۆژهەڵات! بەم جۆرە لەم دروشمە تەنیا نە ڕۆژئاوا مایەوە. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان وانیشان دەدات کۆماری ئیسلامی بۆ دەربازبوون لە دۆخی ئێستا و قەیرانە کەڵەکەبووەکانی دەیەوێت بە تەواوی چاوی لە سەر ڕابردووی بقووچێنێت و لەم دروشمە یەی بناغەی دەسەڵاتەکەی لەسەر دامەزراوە ماڵئاوایی بکات. ئەمە دژایەتییە بنەڕەتییە کە لە کردار و لە ڕەفتاردا ڕژیم گرتوویەتیە بەر، بۆتە هۆی سەرلێشێواوی و دڵئێشاویی و دابڕانی کەمینە وەفادارەکەی ڕێژیم.
بەڵام مردن لە زستان و ناشتن لە هاوین بە ئیزن و مۆڵەتی بکوژ، جەنابی شەیتانی گەورە! ئەمە سەیرترین سێکانسی ئەم کۆمیدیا قێزەونەیە! کۆمیدیایەکی قێزەون کە تیایدا کارەکتەری بانگەشەی سەرکەوتن لە شەڕدا دەکات، بەڵام بۆ ناشتنی تەرمی ڕێبەرەکەی دوای زیاتر لە سەد و سی ڕۆژ، مەجبوورە داوای مۆڵەت لە بکوژەکەی بکات! کۆمیدیایەکی قێزەون کە تیایدا براوەی وەهمی شەڕ مەجبوور دەکرێت لەبری خوێنبایی ڕێبەرە کوژراوەکەی و بە پارە بلۆککراوەکەی خۆی گەنمەشامی و جۆ لە بکوژەکەی بکڕێت، ڕەنگە تەنیا ئاوا ڕۆحی دۆزەخیی دیکتاتۆرە خوێنڕێژەکەی تاران لە جەهەننەمدا ئارام بگرێت!
دەزگای پڕوپاگەندەی ڕێژیم چۆن دەتوانێت هۆکاری ئەم هەموو دژایەتی و ململانێیە بۆ کەمینە وەفادار بەڵام ئێستا توڕە و ناڕازییەکەی ڕێژیم شی بکاتەوە؟ بە کام بیانوو و پاساو؟ چۆن دەتوانرێت بە جۆ و گەنمەشامی هەزاران ژێرخان و باڵەخانە کە بەهۆی شەڕەوە کاول بوون، ئاوەدان بکرێتەوە؟ چ گەرەنتییەک هەیە ئەمریکا و ئیسرائیل جارێکی تر هێرش نەکەنەوە سەر کۆماری ئیسلامی؟ ئەمانە پرسیارگەلێکی گرنگن کە دەبێت پاشماوە سیاسییەکانی ڕێژیم یا بە واتایەکی باشتر دیپلۆمات تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی بۆ لایەنگرانی ڕێژیمەکەیانی ڕوون بکەنەوە!
ڕەنگە ئێستا کە دوای چوار مانگ دەرفەت و مۆڵەتیان پێدرا و توانیان سەرکردەکەیان بە خاک بسپێرن، کاتیان هەبێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە! دیارە ئەگەر شەڕی دەسەڵات لە نێوان خۆیاندا لێیان بگەڕێ و هەڵبەت ناویان لانیکەم بۆ ماوەیەکی زیاتر لە لیستی تیرۆری ئیسرائیل و ئەمریکادا نەبێت! دوایەش ئەوە هات و لە شەڕی دەسەڵات و تیر و شمشیری ئیسرائیل و ئامریکا ڕزگاریان بوو، تازە ئەوە دەبێتە دەسپێکی چیرۆکەکە.
ئەوەی دەبێ چاوەڕوانی بن خەڵکی وەزاڵەهاتوو و شەقامی خرۆشاو و ڕۆژی حیسابە. کۆتایی ئیمپراتۆریەتی وەهم و درۆ نزیکە.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران