لە دوای هێرشی بەربڵاوی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی تاران لە پارێزگاکانی باشووری ئێران لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆدا، هێزە چەکدارەدانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشی مووشەکیی پێچەوانەیان کردە سەر ئۆردۆن و سەرجەم هێرشە مووشەکییەکانی تێکشکێندران.
سەرتیپ مستەفا ئەلحەیاری، وتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی ئۆردۆن ڕایگەیاند: “سیستەمی دژەئاسمانیی وڵاتەکەمان سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٥ مووشەکی ئێرانیان شناسایی کرد و تێکشکێندران”.
بەپێی وتەی ئەلحەیاری، ئەو هێرشە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە “هێزە چەکدارەکان لە ئەرکی خۆیان کە پاراستنی سنووری ئاسمانیی پادشایی، پاراستنی ئەمنییەت و سەروەریی وڵاتەکەمانە، بەردەوامن”.
هەروەها سەرتیپ مستەفا ئەلحەیاری بە پێداگرییەوە ڕایگەیاند کە هێزەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئامادەیی تەواودان و هەر هێرشێک بە توندترین شێوە تێک دەشکێنن.
لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا ڕێژیمی تاران چەندین جاری دیکەش بە پاساوی لێدان لە بنکەکانی ئەمریکا، بە هێرشی مووشەکی، سەروەریی خاکی ئەو وڵاتەی پێشێل کرد.
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی ئێران